سەردێری بابەت

This is a single blog caption

مناڵێک کەنەتزانی پەروەردەی بکەیت، یان خۆی دەکوژێت، یان خەڵکی تر

شتێکی سەیرنییە ئەمڕۆ ژنێک دەکرێت بەخەڵوز، سبەی پیاوێک بەسەربڕدراوی دەدۆزرێتەوە، دوو سبەی یەکێکی تر بە پارچەکراوی و رۆژێکی تر کارەساتێکی تر، هەموو کاردانەوەی کۆمەڵگەی ئێمەش شیعری کەموکورت، دەردە دڵ و داواکردنی قورسترین سزایە بۆ تاوانبارەکە، نەک دووبارە نەکردنەوەی تاوان.
ئێمه هەتا ئێستاش لامانوایە بەکوشتنی تاوانبار تاوان لەناو دەبرێت، نازانین کە دەبێت بیر لە لەناوبردنی تاوان بکەینەوە و بۆ هۆکاری تاوانەکە بگەڕێین.

ژنێک ئەگەر باوەشێکی نەرمتر لە ئاگر شک ببات دەردی دڵی خۆیی لەلا باس بکات، خۆی ناسووتێنێت، پیاوێک ئەگەر کەسێکی لە گوللـە نەرمتری دەستبکەوێت قسەی دڵی خۆیی بۆ بکات و رێگای نیشانبدات، بە گوللـە خۆی ناکوژێت.
کاتێک کەسێکت خۆی دەکوژێت، نیشانەی ئەوەیە تۆ نەتتوانیووە ئەو کەسە بیت بێت و دەردەدڵی خۆیت لەلا بکات.
هەموو نوقسانیەک لە گەورە بوونماندا ڕەگێکی پەروەردەی منداڵیمانی تێدایە، ئەو کەسە رق لەدڵەی حەزدەکات دنیا وێران بکات، بەمنداڵی ورد کراوە، ئەو کەسەی کە ناتوانێت کەسێک لە هەڵەیەک ببەخشێت بەمنداڵی شکێنراوە، ئەو کەسەی کە رقی لەم دنیایە دەبێتەوە، کەسێک نەبووە سۆزی بداتێ، ئەو کەسەی کە هەمیشە بیرلە جیاکاریی باش و خراپ و سزا دەکاتەوە، بە منداڵی لەنێو خێزانێکدا دڵە بچکۆلانەکەی بەو جۆرە وردکراوە کە خۆشەویستییان داوە بە خوشک یان برای و نەیانداوە بەم.

ئەو کەسەی کە ناتوانێت بڕوابکات کەسێک گیانی ئەوە، بەمنداڵی کەسێک نەبووە پێی بڵێت گیانەکەم. بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن رق لەخۆیدا گەورە بکات. ئەو منداڵەی کە شەرم دەکات لە دەربڕین بە منداڵی لەبری ئەوەی ستایشی بکەن، قسەی ناو دڵیان پێ قوتداوە. منداڵێک کە بە منداڵی خۆشت نەویست بە گەورەیی بۆ کەسێک دەگەڕێت هەتا ئەگەر خراپیش بێت ئەو بۆشاییەی بۆ پڕبکاتەوە، تەنانەت ئەگەر خراپ کەڵک لەو بۆشاییەش وەربگیرێت ئەو لە دەرەوە بۆ ئەو سۆزە دەگەڕێت کە لەماڵەوە نەیبووە.
ئەو منداڵەی ناوناتۆرەی لێنراوە بەهۆی کەموکورتییەکی منداڵییەوە هەر بەڕاستی کەمو کورتی و ڕق دەبێتە بەشێک لە واقیعی ژیانی ئەو.
ئەلبێرت ئەنیشتاین تا نزیکی تەمەنی نۆ ساڵی نەیدەتوانی قسەبکات، کەچی ئێستا وەک زیرەکترین مێشکی دنیا سەیری دەکرێت.

ئازاری منداڵی، شکاندنی منداڵی، جیاکاریی منداڵی، نەبوونی سۆزی منداڵی، بێبەشکردنی منداڵ لە منداڵی ئەو بۆمبەیە بۆ گەورەبوونی تەوقیتی دەکەیت. ئەو کارەساتەیە کاتێک کە روودەدات دەڵێیت نازانم بۆ وایکرد، خۆ لە هیچی کەم نەبوو! نا کەموکورتی لە پەروەردەیدا هەبووە، منداڵ بەیەک قسە ورد دەبێت، وەک گەورەیەک لە ئازاری قسەیەک تێدەگات، بەڵام وەک منداڵێکی بچووک دڵە بچکۆلانەکەی ورد دەبێت، بەزەیی و خۆشویستنی تێدا دەمرێت و رقی تێدا گەورەدەبێت.
تۆ کە کاردانەوەی خراپی منداڵەکەتت بینی، لەخۆتت نەپرسی لەچی دڵی شکاوە؟! هاتی و لێتداو دڵیت شکاندەوە، تۆ کە خراپەی کرد، بەنەرمی تێت نەگەیاند کە ئەو خراپی کردووە، هاتیت و لێتداو خراپەت لەدڵیدا خۆشەویست کرد. تۆ کەمنداڵەکەت باشەی کرد ستایشت نەکرد تاکو زیاتر باشتر بێت، هاتیت و قسەت پێبڕی و وتت تۆ قسەمەکە!
منداڵێکی شەرمن و ترساو لە قسەکردنت بەرهەم هێنا. تۆ کە بەمنداڵێکت وت گیانەکەم و ئەویترت کرد بەناووناتۆرە، منداڵێکت بۆ تاوان و کارەسات پەروەردە کرد، مەنجەڵی بوخارێکت خستە سەر ئاگر بۆ گوشاری ناوەکی و سەرەنجامیش کە لەگەورەییدا تەقییەوە لە خۆتت نەپرسی لە کەیەوە لەسەر ئاگربوو!

تۆ کەمنداڵەکەت میزی کرد بەخۆیدا و لەبری وەک شتێکی ئاسایی منداڵی سەیری بکەیت، هاتیت و بەقسە وردت کرد، تێنەگەیشتی هەندێک منداڵ تاکو ١٠ ساڵ و زیاتریش کەمەریان توند نابێت، نەتزانی زۆر جار ئەو منداڵە لە سۆزی کەمەوە میز دەکات بەخۆیدا، هاتیت و لەبری سۆزی بدەیتێ، ڕقت تێیدا چاند، هەرچی تاوانی گەورەییە لەو رقەی منداڵییەوە سەرچاوە دەگرێت. تۆ کە نەتتوانی منداڵەکەت تێبگەیەنیت خراپەت لەگەڵ ئایندەیدا کرد. تۆ کە نەتتوانی هانی بدەیت بۆ باشەکردن. بەبێ ئەوەی هیچت وتبێت هانتدا بۆ خراپە.

ئەو شەڕانەی لەبەرچاویدا لەگەڵ هاوسەرت کردت، ئەو قسانەی بەیەکتریتان وت و دواتریش ئامۆژگاریتان کرد کە جنێو نەدات، هیچ کاریگەریی نەبوو ، لەبەرئەوەی منداڵ کردار لە قسە زیاتر کاری تێدەکات.
منداڵ کە لەواقیعی شیرینی منداڵیدا ژیانێکی دۆزەخی هەبوو، لە وەهم و خەیاڵ و ڕقدا دەژی، ڕقێک چۆن لە گەورەبوونیدا تۆڵە لە هەموو دنیا بکاتەوە. منداڵێک کە پەناگەیەکی نەبوو، لە گەورەییدا وەکو دەخیلە ئازاری ئەرشیف کردبوو، رۆژێک ئەو ئازارە دەبێت بە کارەساتێک و لە خۆمان ناپرسین بۆچی وایکرد؟! دەڵێن پێویستە ئاوا سزای بدەین!
دایک و باوکی بەڕێز تۆ لەوڵاتێکدایت هیچ میدیایەکی تێدا نییە حساب بۆ منداڵەکەت بکات و بیر لەئایندەی بکاتەوە، تەنیاو تەنیا وادەزانن منداڵ فیلم کارتۆنێکە و تەواو ، هەزار دیمەنی کوشت و کوشتار و هەواڵی خراپ دەبینێت و دەبیستێت، لە کۆمەڵگەیەکدایت هەندێک لە میدیا و زۆرجار مامۆستا و مەلاو بانگخواز و سیاسی…. ژەهرو کوشتن دەڕێژنە ناویەوە، تۆ دەبێت چاوی منداڵەکەت بگریت و شتێکی جیاوازتری نیشان بدەیت. دەبێت بزانیت شوێنێک نییە منداڵەکەت دروست بکات و ئایندەی ئەو ئێخەی تۆ دەگرێت، ئەگەر منداڵەکەت لەنێو قوتابخانەو کۆڵان و بەدیار تەلەفزیۆنەکەوە ڕووخا، تۆ دەبێت دروستی بکەیتەوە.

منداڵەکەت تەنیا تۆی هەیت لەباوەشتا هەست بە ئارامی بکات، تەنیا تۆی هەیت دروستی بکەیت، تۆ لە کۆمەڵگەی سوید و ئەڵمانیا و نەرویج و… هتد نیت هەمووان خەمی منداڵەکەی تۆیان بێت، دەبێت خۆت ئەرکی ئەوانیش لە ئەستۆ بگریت، وابکەیت منداڵەکەت بەبێ شەق و زللـە تێبگات و پێبگات و ڕێگەیەکی جوان و جیاوازتر بدۆزێتەوە، لەبری ئەوەی چەقۆ و گوللـە و کارەسات بێت، دەبێت تۆ مەرهەم و چارسەرو بنیادنەربیت. ئەگەر خەلەلێک لە پەروەردەی قوتابخانە، کۆڵان و خێزانیدا هەبوو، تۆ چارەسەری بۆ بدۆزیتەوە، منداڵەکەت لەتۆ ڕاببینێت قسەی دڵیت بۆ باسبکات و کێشەکەیت بۆ بگێڕێتەوە، تۆ لەبری سەیری تەلەفزیۆنەکە، سیدی بەرنامەیەکی سوودبەخش، کتیبی چیرۆکی بۆ بکڕیت، فیلم کارتۆنێک یارییەک لە مۆبایلەکەیدا دابگریت خزمەتی مێشکی بکات. فێری بکەیت کە تووشی ئارێشەیەک بوو چۆن خۆی بتوانێت چارەسەری بکات.

Leave a Reply