سەردێری بابەت

This is a single blog caption

لە ٦ مانگدا ٦٣ منداڵ فڕێدراون و ڕادەستی خانە کراون

پارێزگای سلێمانی و دهۆک،  لە ماوەی ٦ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا لە سلێمانی ١٨ منداڵ کە ٩ کوڕ و ٩ کچ، لە پارێزگای دهۆک ٤٠ منداڵ کە ٣٠ کچە و ١٠ کوڕە، دایک و باوکەکانیان دەستبەرداریان بوون و ڕادەستی خانەکانی بێ سەرپەرشتان کراون.

ئامارەکەی چاودێریی و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتیی سلێمانی، ئەو منداڵانەی تێدا تۆمارنەکراوە، کە فڕێدراون و لەلایەن کەسانێکەوە هەڵگیراونەتەوە بێ ئەوەی ڕادەستی خانە بکرێن.

لە پارێزگای هەولێر-یش تەنیا توانیمان ژمارەی ئەو منداڵانەمان دەست بکەوێت، کە لەو شەش مانگەدا فڕێدراون، واتا ڕادەستی خانە نەکراون، ئامارەکە لە بەڕێوبەرایەتیی تەندروستیی هەولێرەوە وەرگیراوە و ژمارەیان پێنج منداڵ بووە، کە چوار-یان کوڕ و ئەوی دیکەیان کچە.

بەپێی ئەو ئامارانە، لە ماوەی ئەم شەش مانگەدا ٦٣ منداڵ لەلایەن دایک و باوک و کەسوکارییانەوە دەستیان لێبەردراوە و تەمەنیشیان لەنێوان٠- ١٨ ساڵییدا بووە، بەڵام بەوپێیەی لە هەولێر و سلێمانی ئاماری تەواومان دەستنەکەوتووە، پێدەچێت ئامارەکە زۆر زیاتر بێت و لە ١٠٠ منداڵ نزیک ببێتەوە.

بە وتەی عومەر گوڵپی، بەڕێوبەری بەڕێوبەرایەتیی گشتیی چاودێریی و گەشەپیدانی کۆمەڵایەتیی پارێزگای سلێمانی، “ئەم حاڵەتانە بەرەوە هەڵکشان هەنگاوی ناوە و بەبەراود بە ساڵی ڕابردوو ئامارەکە زیادی کردووە”.

بەگوێرەی یاسای ژمارە ١١١ی سزادانی عێراقی، کە لە هەرێمی کوردستان-یش کاری پێ دەکرێت، ئەو کەسەی منداڵەکەی فڕێدەدات سزادەدرێت، لە خاڵی دووەمی مادەی ٣٨٣ی یاساکەدا هاتووە، ‘ئه‌و که‌سەی هه‌ڵده‌ستێت به‌ فڕێدانی منداڵ یان پیر و پەککەوتە بەهۆی باری تەندروستیی یان دەروونییەوە، سزا دەدرێت بۆ ماوەیەک لە سێ ساڵ زیاتر نەبێت’.

ئەگەر هەر منداڵێک لەناو بازاڕ یاخود بەردەم شوێنە گشتییەکان و شوێنەکانی دیکە فڕێبدریت، ئەوا لەلایەن لیژنەیەک لە قایمقامیەت و کاروباری کۆمەڵایەتیی و پۆلیسی نەوجەوانان، دەبرێنە خانەکانی بێسەرپەرشتیاران و نەوجەوانان و دوای لێکۆڵینەوە و بڕیاری دادوەر ئەگەر کەسوکاری هەبێت بانگ دەکرێن و ئەگەر باوک و دایکی نادیار بێت ڕەوانەی خانە دەکرێ، هەندێک جاریش پێش ئەوەی دەستی پۆلیسی پێبگات، لەلایەن خێزانێکەوە هەڵدەگیرێتەوە.

بەپێی ئەو بەداواداچوونەکان، هۆکاری فڕێدانی منداڵ بە سێ حاڵەت لەلایەن بەڕێوبەرایەتییەکانی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییەوە تۆمارکراون، ئەوانیش”جیابوونەوەی دایک و باوک”، “خراپی باری ئابووریی” و “پەیوەندیی ژن و پیاو لەدەرەوەی خێزان’ناشەرعیی’ “.

لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان هیشتا پڕۆژەی خێزانی جێگرەوە نەبووەتە یاسایەک، بەڵام لە سلێمانی ماوەی سێ ساڵە پرۆژەی خێزانی جێگرەوە هەیە و وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕێنمایی ژمارە ١ی ساڵی ٢٠١٧ی بۆ دەرکرد، بەپێی ڕێنماییەکەش، ئەو دایکو باوکەی کە منداڵیان پێدەبەخشرێت، ڕاهێنانێکی زۆریان پێ دەکرێت، بەتایبەت لێکۆڵینەوە لەسەر پاشینەی تاوانکاریی و لایەنی تەندروستی ئەو خێزانە دەکرێت، هەروەها کە ئەو منداڵە دەچێتە ناو خێزانی جێگرەوە دوو توێژەر بەردەوام چاودێریی دەکەن، کە توێژەرێک بۆ خێزانەکەیە و توێژەرەکەی دیکە بۆ منداڵەکەیە.

ڕۆژی ٥ی ئەم مانگە، لە هۆڵی تایتانیك لە شاری سلێمانی، بەڕێوەبەرایەتی گشتی چاودێریی و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتیی سلێمانی لە رێوڕەسمێكدا بە ئامادەبونی کوێستان محەمەد، وەزیری كاروباری كۆمەڵایەتیی حکومەتی هەرێمی كوردستان، سەركەوتنی قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی خێزانی جێگرەوەی ڕاگەیاند.

عومەر گوڵپی، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی گشتیی چاودێریی و گەشەپێدانی كۆمەڵایەتی سلێمانی لە مەراسیمەکەدا رایگەیاند: پڕۆژەكە بەهاوكاری چەند رێكخراوێكی شارەزا بۆ یەكەمجارە لە هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت و لە میانی سێ‌ ساڵدا بە شێوەیەكی ئەزمونی كارمان لەسەر كردووە، پڕۆژەكە دەگەڕێت بە دوای دۆزینەوەی خێزان و لانەیەكی ئارام لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی منداڵ.
عومەر گوڵپی، ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەهۆی ئەوەی یەکەم جاربووە سیستمەکە لە ەهرێم بەڕێوەبچێت، بەشێوەیەکی خاو بەڕێوەچووە و لەو ماوەیەدا ٣٩ خێزان تۆماركراون و بوونەتە خێزانی جێگرەوە، هەروەها (18) خێزانی تریش گەیشتوونەتە قۆناغی پەسەندكردن و (11) منداڵ ڕەوانەی خێزانە جێگرەوەكان كراون.
ئەو منداڵانەی لە خێزانی جێگرەوە وەرگیراون تەمەنیان لە خوار چوار ساڵانەوە بووە، ئەوانەش بەدەست كێشە خێزانییەكان یان لەدەستدانی چاودێریی دایك یان باوك گرفتار بوون.

وا بڕیارە، بۆ قۆناغی داهاتوش هەموو ئەو منداڵانەی مەرجەكان دەیانگرێتەوە و تەمەنیان نەگەیشتوەتە (18) ساڵان لە پڕۆژەكەدا تۆمار بکرێن و بدرێن بە خێزانی جێگرەوە.

هەر لەو مەراسیمەدا، كوێستان محەمەد، وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی وتی:”لە داهاتوودا كار دەكەین لە ڕێگەی رێكخراوە هاوكارەكانەوە بۆ گواستنەوەی ئەم پڕۆژەیە بۆ هەولێر و دهۆك و شارەكانی تر، هەوڵیش دەدەین پڕۆژە یاسایەكی تایبەت بە خێزانی جێگرەوە لە پەرلەمان دەربكەین

Leave a Reply